بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراق لە بەغدا بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە ھەڵکشانی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی گردبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت و ھەر لەم پەیوەندییەدا سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغداش رایگەیاندووە، هێزەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشتی خۆپیشاندەران ئامادەن.
«ئەحمەد سەلیم»، سەرکردەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا رایگەیاندووە، لە بەغدا خۆپیشاندانێک بەڕێوە دەچێ و خۆپیشاندانەکەش لە نزیک بانکی ناوەندی دەبێت، بۆیە هێزەکانیان پلانی خۆیان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ئامادەکردووە و راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جێبەجێ دەکەن.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانیان لە نزیک بانکی ناوەندی بڵاودەکرێنەوە و هێزەکانی پاراستنی یاساش ئامادە دەبن کە تایبەتن بە پاراستنی هاوڵاتیان لە کاتی خۆپیشاندانەکان و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
سەرکردەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا وتووشیەتی: تائێستا بڕیار نییە هیچ شەقامێکی گشتی لە نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە دابخرێت، بەڵام ئەگەر ژمارەی خۆپیشاندەران زیاد بکات و ببێتەهۆی ئەوەی ئاستەنگی هاتوچۆ دروست ببێت، بەشێک لە شەقامی نزیک بانکی ناوەندی دادەخەن بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی خۆپیشاندانەکە بکەن.
342/